فیدراسیۆنی بریندارانی شەڕ پیلانگێڕیی ٩ـی تشرینی یەکەمیان شەرمەزارکرد

فیدراسیۆنی بریندارانی شەڕی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە ڕاگەیاندراوێک پیلانگێڕیی ٩ـی تشرینی یەکەمیان شەرمەزارکرد.

فیدراسیۆنی بریندارانی شەڕی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەبۆنەی ٢٧هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ٩ـی تشرینی یەکەمەوە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە سەرەتای ڕاگەیاندراوەکەدا دەڵێت: "پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ٩ـی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ کە لە کەسێتی ڕێبەر ئاپۆدا بەرانبەر هەموو گەلانی ئازادیخواز ئەنجامدرا بە تووڕەییەکی گەورەوە ڕووڕەش و شەرمەزار دەکەین. بە ڕێز و خۆشەویستییەوە سڵاو لە ڕێبەرێتیمان دەکەین کە ٢٧ ساڵە زیاترە بەرخۆدانێکی بێ‌هاوتا دەکات بۆ کردنەوەی ڕێگەی ژیانێکی ئازاد و ئەم پیلانگێڕییە شوومەی بە ئیرادەیەکی بێ‌هاوتا تێکشکاند".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە دەکات، هێزە هەژموونخوازەکان کە دەیانویست ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانیان دابڕێژنەوە، ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەری ئازادییان وەک ئاستەنگێک لەبەردەم خۆیان دەبینی، بۆیە پیلانگێڕییان ئەنجامدا، ڕێبەر ئاپۆش لە ١٥ـی شوباتی ١٩٩٩ ڕادەستی دەوڵەتی تورک کرا.

هەروەها جەختکراوەتەوە کە ڕێبەر ئاپۆ بەرانبەر هەموو پلانەکانی دیلگرتن و تەسفیە و گۆشەگیری، بەرخۆدانێکی مەزنی کرد، دەڵێت: "بە تێکۆشانێکی بێ‌وێنە، حەقیقەتێکی بۆ مرۆڤایەتی و ژیانی ئازاد خستەڕوو. لە بەرانبەر سیستەمە خوێنمژەکاندا؛ توانی کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی و سیاسی، پارادایمی ئیکۆلۆژیی و دیموکراتیک و ئازادیخوازیی ژن پێشکەش بە مرۆڤایەتی پێشکەوتووخواز بکات".

فیدراسیۆنەکە جەخت دەکاتەوە لە ئێستادا دەرگای ئازادی بەڕووی گەلی کورد و هەموو گەلاندا کراوەتەوە، دەڵێت: "گرنگ ئەوەیە بە جۆش و پێداگرییەکی مەزنەوە بەشداربین لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە بە پێشەنگایەتی ڕێبەرێتیمان بەڕێوەدەچێت".

لەکۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا بەڵێن دەدات: "بەڵێن بە شەهیدان دەدەین دەسکەوتەکانمان بپارێزین، ڕێبەرمان ئازاد بکەین، لێپرسینەوە لە پیلانگێڕان بکەین و لە وڵاتێکی ئازاددا پێشەنگایەتی بۆ تەواوی گەلانی هەرێمەکە و جیهان بکەین".