خەڵکی تربەسپی تەرمی شەهید شێرۆ تربەسپییان بەخاکسپارد

دانیشتوانی شاری تربەسپی بە مەراسیمێک تەرمی شەڕڤانی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) شەهید شێرۆ تربەسپی 'ئەمجەد ئەل حەبیب'یان بەخاکسپارد کە لە بەرخۆدانی بەنداوی تشریندا شەهید ببوو.

دانیشتوانی شاری تربەسپی بە مەراسیمێکی شایستە ڕوفاتی شەڕڤانی قەسەدە شێرۆ تربەسپی، کە لە ٢ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥دا لە بەرخۆدانی بەنداوی تشریندا شەهید ببوو، لە گۆڕەپانی شەهید دڵشێر بە خاکسپارد. پێشتر ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدانی شاری تربەسپی لە ٩ـی نیسانی ٢٠٢٥ مەراسیمێکی غیابییان بۆ شەهید شێرۆ تربەسپی ئەنجام دابوو.

لە مەراسیمەکەدا وێڕای بەشداری سەدان کەس، هاوکات نوێنەر و ئەندامانی دامەزراوە مەدەنیییەکانیش ئامادەبوون، مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزلێنان لە شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری دەستیپێکرد و دواتر لەسەر ناوی بنەماڵەی شەهید شێرۆ، حیکمەت ئەل حەبیب قسەی کرد و دوای سەرەخۆشیکردن ئاماژەی بەوەدا بۆ هەمیشە شایستە بە بەڵێنی شەهیدان دەبن.

دوای تەواوبوونی قسەکان، بە گوتنەوەی درووشمی 'شەهید نامرن' تەرمی شەهید شێرۆ سپاردەی خاک کرا.