خوێندکارانی سەرێکانی بڕیارەکانی خوێندنی باڵا ڕەتدەکەنەوە و داوای مافەکانیان لە زانکۆ دەکەن

دەیان خوێندکار و کەسوکاریان لە شاری سەرێکانی لە باکووری حەسەکە کە لەژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورک و چەتەکانیایەتی، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان لە بەردەم باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە ئەنجامدا لە دژی بێبەشکردنیان لە خوێندن لە زانکۆ.

خۆپیشاندەران بە بەرزکردنەوەی درووشمەکانی "بێ زانست هیچ داهاتوویەک نییە"، "بە بێبەشکردنمان لە خوێندن خەونەکانمان نانێژرێن"، و "پەراوێزخستن بەردەوامە"، جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم بڕیارانە هەڕەشە لە داهاتووی هەزاران خوێندکار لە ناوچەکە دەکەن بە بێبەشکردنیان لە مافی سروشتی خۆیان لە خوێندنی زانکۆیی.

بەشداربووان داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە لە بڕیارە ستەمکارانەکان پاشگەز ببنەوە و دەرفەت بۆ خوێندکاران بڕەخسێنن بۆ تەواوکردنی خوێندنی زانکۆییان.

سەرێکانی کە لە لایەن هێزەکانی تورک و چەتەکانییەوە داگیرکراوە، جگە لە بێبەشکردنی خوێندکارانی لە خوێندن، ڕووبەڕووی گۆڕینی دیموگرافی و بەزۆر ئاوارەکردنی دانیشتوانەکەی و تاڵانکردنی ماڵەکانی بۆتەوە.