لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و لوبنان هێرشەکەی سەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە شەرمەزار کرا

لە شارەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و لوبنان سەبارەت بە هێرشەکانی حکومەتی ڕاگوزەری سووریا بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب ڕاگەیاندراوێک درا و هێرشەکان شەرمەزار کرا.

لە شارەکانی قامیشلۆ، تربەسپیی، تەل کۆچەر، تەل حمیس، ڕەقە، تەبقە، کۆبانێ لە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و لوبنان سەبارەت بە هێرشەکانی حکومەتی ڕاگوزەری سووریا بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە حەلەب ڕاگەیاندراوێک درا. تەڤگەرەکانی گەل و ژنان، پارتە سیاسییەکان، بریندارانی شەڕ و دامەزراوەکانی هەرێمەکە و کوردستانیان لە لوبنان ڕاگەیاندراوێکیان دا.

لە ڕاگەیەندراوەکاندا ئاماژە بەوە کراوە کە هێزەکانی حکومەتی ڕاگوزەر گەمارۆی قورسیان بەسەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەدا سەپاندووە و دوێنێ (٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥) سەرجەم ڕێگاکانی چوونە ژوورەوە و دەرچوونی هەردوو گەڕەکەکەیان داخستووە. لە بەرانبەر ئەم پێشێلکارییانەدا گەلی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بۆ کردنەوەی ڕێگاکان چالاکیان ئەنجامدا، بەڵام هێزەکانی حکومەتی ڕاگوزەر لە دژی گەل گازی فرمێسکڕێژ و گولـلەیان بەکارهێنا. لە ئەنجامدا بەهۆی گازی فرمێسکڕێژەوە ژمارەیەک هاووڵاتی برینداربوون.

لە ڕاگەیەندراوەکاندا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم کارە و ئەو گرژییەی دوێنێ ڕوویدا، پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ١٠ـی ئاداری نێوان قەسەدە و حکومەتی ڕاگوزەر و ڕێککەوتنی ١ـی نیسانە کە لە نێوان ئەنجوومەنی گشتی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود-ئەشرەفیە و نوێنەرانی حکومەتی ڕاگوزەر لە حەلەب واژۆ کراوە.

هەوروەها تەڤگەر، پارتە سیاسییەکان و بریندارانی شەڕی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کوردستانیان لوبنان داوایان لە هێزە نێونەتەوەییەکان کرد فشار بخەنە سەر حکومەتی ڕاگوزەر بۆ ڕاگرتنی سیاسەتی "مەرجگەرای" دەوڵەتی تورک، چونکە ئەم سیاسەتە هەڕەشەیە بۆ سەر فرەڕەنگی، مەزهەبی و ئایینی لە سووریا و دەبێت پێکهاتەکانی سووریا لە بەرانبەر ئەم سیاسەتانە بپارێزرێن.