لە عەفرین زەیتون دزەکان هاووڵاتییەکیان ئەشکەنجەدا
ئەو کەسانەی بە هەڕەشەی چەک لە گوندەواری عەفرین زەیتونی هاووڵاتیان دەدزن، تەقەیان لە هاووڵاتیەک کرد و ئەشکەنجەیان دا.
ئەو کەسانەی بە هەڕەشەی چەک لە گوندەواری عەفرین زەیتونی هاووڵاتیان دەدزن، تەقەیان لە هاووڵاتیەک کرد و ئەشکەنجەیان دا.
ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین_سووریا ڕایگەیاند کە هاووڵاتی محەمەد جانکیر دیکۆ (٣٧ ساڵ) خەڵکی گوندی قاسمی شاری ڕاجۆی عەفرین، شەوی سێشەممە (٧ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥) کاتێک کاتێک لە کارکردن لە باغی زەیتونەکەی لە نزیک گوندی چەقلەمە دەگەڕایەوە، چەکدارەکان تەقەیان لێ کرد.
بە قسەی ڕێکخراوەکە لەوکاتەدا محەمەد دەبینێت ٢ کەس لەناو باغێکدا زەیتوون دەدزن، چەکدارەکان تەقە لە ئۆتۆمبیلەکەی دەکەن و دەیوەستێنن. لە ئۆتۆمبیلەکەی دایدەبەزێنن و ئەشکەنجەی دەدەن. ئێستە محەمەد لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەیەکی عەفرینە.
ڕێکخراوەکە جەخت دەکاتەوە، ژنی خێزانە چەتەکانی نیشتەجێی گوندی قەرزیحل، زەیتوونی هاووڵاتیانی گوندەکە دەدزن. بەڵام هیچ لایەنێکی ئەمنی دەستوەردان ناکات.
سەرەڕای سکاڵا و گازندەی هاووڵاتیان، ئەم دزانە بە ئاسانی بە بازگەکاندا تێدەپەڕن بێ ئەوەی کەس دەنگیان لەگەڵدا بکات.
بەگوێرەی ماڵپەڕی (Afrin Now) زیاتر لە ١٥ ژن و منداڵەکانیان کە لە عەفرین نیشتەجێ بوون، چوونەتە گوندی قەرزیحل، بڕێکی زۆر لە زەیتوونیان دزیوە و بردوویانەتە دەرەوەی گوندەکە.
ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین_سووریا بانگەواز لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات ئەم پێشێلکارییە بەردەوامانە دژی خەڵکی سڤیل و تاڵانکردنی موڵکەکانیان کۆتایی پێ بهێنن، لێپێچینەوە لەو کەسانە بکەن کە ئەشکەنجەی هاووڵاتیان دەدەن و ماڵوموڵکی هاووڵاتیان دەدزن.