لە کۆبانێ دوو شەهیدی قەسەدە بەخاکسپێردران و گەریلایەکی هەپەگە بیرهێنرایەوە

خەڵکی کانتۆنی فورات تەرمی شەڕڤانانی قەسەدە، شەهید حەمزە و شەهید محەمەدیان بەخاک سپارد. هەروەها گەریلای هەپەگە شیار قەرەمۆخ بیرهێنرایەوە.

بە بەشدارییەکی فراوانی خەڵکی کانتۆنی فورات، ئەندامانی دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی، ڕێکخراوەکانی ژنان، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، پارتە سیاسییەکان و دامەزراوە مەدەنییەکان، تەرمی شەڕڤانانی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) شەهید حەمزە (خالید حەسەن) و شەهید محەمەد (محەمەد شێخ حەسەن) کە لە ١ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ لە سرین قەسەق شەهید ببوون، لە گۆڕستانی شەهید دیجلە بەخاکسپێردران

هەروەها، گەریلای هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) شەهید شیار قەرەمۆخ (مەحمود بەکار) بیرهێنرایەوە کە لە ١٢ـی شوباتی ٢٠٢٥ لە حەفتانینی سەر بە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا شەهید ببوو.

دوای خولەکێک ڕێزگرتن، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی کانتۆنی فورات سارا خەلیل، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان کرد و بەڵێنی بەردەوامی ڕێگەکەیانی نوێ کردەوە.

سارا ڕایگەیاند کە شەڕڤانان هەمیشە لە هێڵی پێشەوە بوون و وتی: "شەهیدەکانمان گیانی خۆیان بەخت کرد بۆ پاراستنی گەل و خاکی خۆیان. هەمیشە دژی دوژمن تێدەکۆشن و بەرخۆدان دەکەن. ئێمەش خاوەندارێتی لە بەرخۆدانی شەهیدەکانمان دەکەین و شوێنکەوتووی ڕێگاکەیان دەبین".

ئەندامی ئەنجومەنی سەربازیی شاری کۆبانێ، مەحمود دێمۆ، وتی: "شەڕڤانان هەمیشە بەرخۆدانێکی بێوێنەیان لە دژی دوژمن نیشان داوە. شەهید حەمزە و محەمەد هەمیشە بە تێکۆشانی خۆیان ناسرابوون و هەمیشە لە تەنیشت شەڕڤانەکانیانەوە بوون. ئێمەش وەک ئەنجومەنی سەربازی بەڵێن دەدەین کە شوێنکەوتووی ڕێگاکەیان بین، و خەون و خەیاڵەکانیان بهێنینە دی. شەهیدەکانمان هێڵی سوورن، ئێمە خاوەندارێتی لە میراتەکەیان دەکەین".

بە ناوی بنەماڵەی شەهید محەمەد، ئیسماعیل ئیسماعیل قسەی کرد و ڕایگەیاند کە ئەوان شانازی بە شەهیدەکانیانەوە دەکەن و بەڵێنی دا کە تۆڵەی شەهیدەکانیان لە دوژمن بسێننەوە و ڕێگاکەیان بگرنەبەر.

دوای وتارەکان، بەڵگەنامەی شەهیدان خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرا، بە دروشمی "شەهید نامرێت" بەخاکسپێردران.