لە لازقیە دەیان کەس لە کارەکانیان دوورخرانەوە

حکومەتی کاتیی سووریا بە هۆکاری مەزهەبی دەیان فەرمانبەری شارەوانی لازقیەی لە کارەکانیان دوورخستەوە. فەرمانبەرەکان ڕایانگەیاند ئەمە بڕیارێکی ئارەزوومەندانە و میزاجییە.

ڕوانگەی سووریی بۆ مافەکانی مرۆڤ (سۆهر) ڕایگەیاند کە وەزارەتی ئیدارەی خۆجێی و ژینگەی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا، ٧٨ فەرمانبەری شارەوانی لازقیەی لە کارەکانیان دوورخستەوە کە زۆربەیان عەلەویین. فەرمانبەرەکان ئەم بڕیارەیان بە میزاجی و ئارەزوومەندانە وەسفکرد، جەختیان کردەوە کە دەبێت ساڵانی خزمەت و هەلومەرجی ناوچەکە لەبەرچاو بگیرێت.

فەرمانبەرەکان داوایان کرد ئەم بڕیارە هەڵبوەشێتەوە، دەبێت مافەکانیان مسۆگەر بکرێت.

مانگی حوزەیرانی ڕابردوو، ژمارەیەک فەرمانبەری لەکارلابراوی بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزارییە هونەرییەکان، لە دەوروبەری بینای پارێزگای لازقیە دژی دوورخستنەوەیان بەبێ بڕیارێکی فەرمی، خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا.