لە تربەسپی ژنان بۆ ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ ڕێپێوانیان کرد

بە ڕێپێوانێکی بەرفراوان، ژنان لە شاری تربەسپی ڕۆژئاوای کوردستان پیلانگێڕێی نێونەتەوەییان شەرمەزار کرد و داوای ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیان کرد.

بە هەزاران ژن لە کانتۆنی جزیرە بە درووشمی "ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ کلیلی چارەسەری و ئاشتییە"، ڕێپێوانێکیان لە شاری تربەسپی ڕێکخست. ڕێپێوانەکە بە ئامانجی شەرمەزارکردنی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ٩ـی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ـی دژ بە ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام درا.

ژنان بە بەرزکردنەوەی وێنەی گەورەی ڕێبەر ئاپۆ و ئاڵای کۆنگرەی ستار لە دەروازەی ڕۆژهەڵاتی شارەکەوە تا ناوەندی بازاڕی شارەکە ڕێپێوانیان کرد. لە ڕێپێوانەکەدا بە بەردەوامی درووشمەکانی شەرمەزارکردنی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی و خواستی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ گوترایەوە.

پاش گەیشتنی ڕێپێوانەکە بە بازاڕی ناوەندی شارەکە، ڕێپێوانەکە بە ساتێک ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری گۆڕا بۆ گردبوونەوە، دواتر ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووری گوڵستان گولۆ قسەیکرد و ئاماژەی بەوەدا پیلانگێڕی نێونەتەوەیی بە ئامانجی لەگۆڕنانی تێکۆشانی ئازادی کوردستان ئەنجام درا.

گوڵستان گولۆ لە درێژەدا وتی: "ئێمەی ژنان لە تەواوی پێکهاتەکان دەزانین کە ئەو پیلانگێڕییە لە دژی گەلانی ئازاد، بەتایبەتی لەدژی ژنان ئەنجامدرا. ئێمە لەو باوەڕەداین، کە تێڕوانینەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان خاڵێکی وەچەرخان بوو، کە لە ملیۆنان کەسدا باوەڕی دروستکرد. لە سایەی تێڕوانینەکانی ئەوەوە ژنان ئازادبوون و بۆ ئازادیی جەستەیی ئەو تێدەکۆشن."

بەناوی ئەنجوومەنی ژنانی پەیەدەوە ئەندامی ئەنجوومەنەکە، نجودا فارس قسەی کرد و ئاماژەی بەوە کرد، کە ڕێبەر ئاپۆ لە زیندان سەلماندی ئیرادەی ئازاد ناشکێنرێت و تێڕوانینی ئازاد لە کۆتوبەند گەورەترە. هەروەها وتی، ڕێبەر ئاپۆ پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکی پێشکەش بە تەواوی گەلانی ناوچەکە کرد.

نجودا فارس لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ئێمە تەنها بەرەو یادەوەرییەکی ئازاربەخش ناڕۆین، بەڵکوو بەرەو سەرکەوتنەکان دەڕۆین. لێرەوە بەڵێن بە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەدەین، کە تاوەکو مسۆگەرکردنی ئازادیی ئەو درێژە بە تێکۆشان دەدەین."

ڕێپێوانەکە بە بەرزگوتنەوەی دروشمەکان بۆ داوای ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ کۆتایی هات.