لە زیندانەکانی حکومەتی کاتی دەیان کەس کوژران

سۆهر ڕایگەیاند کە لە زیندانەکانی حکومەتی کاتیی سووریادا دەیان زیندانی کوژراون و چارەنووسی هەزاران زیندانی تر نادیارن.

ڕوانگەی سووریی بۆ مافەکانی مرۆڤ (سۆهر) ڕایگەیاند ناوی ٥٨ زیندانیکراو کە لە زیندانەکانی حکومەتی کاتیی سووریادا کوژراون، تۆمارکراوە. بەگوێرەی سۆهر، زیاتر لە ٩ مانگە، لە زیندانەکانی حەما و حومس و عەدرا و حارم و عەفرین و ڕاعی، هەشت هەزار زیندانی هەن.

سۆهر جەخت دەکاتەوە، ئەم زیندانییانە بەبێ هیچ هۆکارێکی ڕوون و تاوانێک زیندانی کراون.

هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، زیندانییەکان لە هەلومەرجی دژواردا دەژین و لە مافە ڕەواکانی وەک خواردن بێبەشکراون. هەروەها بۆ باشترکردنی ڕەوشی زیندانیان، داوای پارە لە بنەماڵەکانیان دەکرێت.