نوێکرایەوە

گرووپە چەتەکانی سەر بە تورکیا ٤ کەسی خەڵکی عەفرینیان ڕفاند

گرووپە چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک ٤ کەسی خەڵکی عەفرینیان ڕفاند.

گرووپە چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک لە کاتژمێر ١٥:٠٠ لەسەر ڕێگەی نێونەتەوەیی نزیک شارۆچکەی دێر حافر ٣ هاوڵاتی خەڵکی عەفرینیان ڕفاند.

ئەم کەسانە کاتێک لە قامیشلۆوە بەرەو گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە گەڕاونەتەوە، ڕفێندراون.

ناوی کەسە ڕفێندراوەکان:

عەبدولحەنان مستەفا (٥٤ ساڵ)، خەڵکی گوندی فەقیرەی عەفرینی داگیرکراو.

ئەکرەم محەمەد عەلۆ (٤١ ساڵ)، خەڵکی گوندی قەتمەی عەفرینی داگیرکراو.

عەبدولسەمەد ئەحمەد ئەل خەلیل (٣٥ ساڵ)، خەڵکی گوندی خربە شەرانی عەفرینی داگیرکراو.

شایەتحاڵانی ڕووداوەکە ڕایدەگەیەنن، چەتەکان لەژێر هەڕەشەی چەکدا ئەو کەسانەیان ڕفاندووە و هێشتا چارەنووسیان نادیارە.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکان ئەندامانی "ئاسایشی گشتی" سەر بە دەسەڵاتی دیمەشق لە بازگەی ئەل شەت لە دەروازەی ڕۆژئاوای شاری ئەعزاز لەسەر ڕێگەی حەلەب_عەفرین گەنجێکی کوردیان ڕفاندووە.

گەنجەکە ناوی ئەحمەد عوسمان حەمۆیە، خەڵکی گوندی خاڵتانی سەر بە شارۆچکەی جەندریسەی عەفرینی داگیرکراوە، ١١ ساڵە لە حەلەب نیشتەجێ بووە.

دانیشتووان ڕایدەگەیەنن، پاش ئەوەی ئەندامانی "ئاسایشی گشتی" ئەم بازگەیان لە چەتەکانی دەوڵەتی تورک وەرگرتووە، ڕەفتاریان بەرامبەر خەڵکی عەفرینی داگیرکراو نەگۆڕاوە.  

ئەم ڕەفتارانە، پێشێلکردنی خاڵی ٨ و ٣ ی ڕێککەوتنی حەلەبە کە ١ ی نیسان لەنێوان ئەنجوومەنی گشتیی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە و دەسەڵاتی دیمەشق واژۆکرا.

ناوەڕۆکی خاڵی ٨ بەم جۆرەیە: "هاتن و چوونی دانیشتووانی هەردوو گەڕەک ئازاد بێت. نابێت ئەو کەسانەی دەستیان سوور نییە بە خوێنی سوورییەکان و پێش ڕێککەوتنەکە داواکراو بوون، دەستگیر بکرێن".

ناوەڕۆکی خاڵی ٣ وەهایە: "وەزارەتی ناوخۆ و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەرپرسیارن لە پاراستنی دانیشتووانی دوو گەڕەکەکە".