پەروەردەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و پەروەردەی سوریا لەسەر تاقیکردنەوەکان ڕێککەوتنیان ئەنجامدا
دەستەی پەروەردە و فێرکردنی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و وەزارەتی پەروەردەی سووریا، لەبارەی پرۆسەی تاقیکردنەوەکانەوە، لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتن.
دەستەی پەروەردە و فێرکردنی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و وەزارەتی پەروەردەی سووریا، لەبارەی پرۆسەی تاقیکردنەوەکانەوە، لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتن.
دەستەی پەروەردە و فێرکردن و وەزارەتی پەروەردەی سووریا، دوای چەند کۆبوونەوەیەک کە لە ٥-٦ـی حوزەیراندا ئەنجامدران، بۆ ئەوەی پرۆسەی تاقیکردنەوەکان بە ڕێکوپێکی بەڕێوە بچێت و بکەوێتە خزمەت داهاتووی خوێندکارانەوە، لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتن.
ناوەڕۆکی ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیە:
"لەبەر بەرپرسیارێتی هاوبەشمان بۆ بەهێزکردنی پرۆسەی پەروەردە و دەستەبەرکردنی مافەکانی خوێندکاران لە هەموو ناوچەکانی سووریا و لەسەر پڕەنسیپە بنەڕەتییەکانی هاوکاری و یەکگرتوویی لە نێوان دامەزراوە پەروەردەییەکاندا، دەستەی پەروەردە و فێرکردنی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و وەزارەتی پەروەردەی سووریا، دوای چەند کۆبوونەوەیەک کە لە نێوان ٥-٦ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥ـدا ئەنجامدران، بۆ ئەوەی پرۆسەی تاقیکردنەوەکان بە ڕێکوپێک بەڕێوە بچێت و خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی خوێندکاران و داهاتووی خوێندنیان بکات، لەسەر ئەم خاڵانە ڕێککەوتین:
١- دواخستنەوەی تاقیکردنەوەکانی قۆناغی ناوەندی لە بەرواری ١٤ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥ بۆ ٢١ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥.
٢- دروستکردنی لیژنە هاوبەشە کاتییەکان بۆ چاودێری بەڕێوەبردنی تاقیکردنەوەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و دەستەبەرکردنی شەفافیەت و پیشەیی لە بەڕێوەبردنی تاقیکردنەوەکاندا.
٣- کردنەوەی ناوەندە هاوبەشە کاتییەکان بۆ پێشوازیکردن لە خوێندکاران لە هەرێمە جیاوازەکان و ئاسانکردنی کاروبارەکانی تۆمارکردنیان بەپێی پێوەرە پەروەردەییە پەسەندکراوەکان.
٤- تۆمارکردن لە بەرواری ١١ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥ دەستپێدەکات تا ١٧ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥.
٥- ئاسانکردنی گواستنەوەی تۆمارکردن بۆ ئەو خوێندکارانەی لە دەرەوەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا تۆمارکراون و دەستەبەرکردنی مافەکانیان بۆ بەشداریکردن لە تاقیکردنەوەکان بە بێ ئاستەنگ.
٦- لە شەش شارە گەورەکانی پێنج کانتۆن: قامیشلۆ، حەسەکە، ڕەقە، دێرەزۆر، تەبقە و کۆبانی (سرین)، تاقیکردنەوە ئەنجام بدرێت کە مەرج و بارودۆخی لۆجیستیکی باش بن و خوێندکاران بتوانن بە شێوەیەکی ئاسان خۆیان بگەیەننە ناوەندەکانی تاقیکردنەوە.
ئەم ڕاگەیاندراوە پابەندبوونمان نیشان دەدات بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی پەروەردەیی ئارام و تەندروست بۆ هەموو خوێندکارانی سووری، هەروەها پابەندبوونمان بۆ کاری هاوبەش دووپات دەکاتەوە بۆ باشترکردنی پرۆسەی پەروەردە لە هەرێمە جیاوازەکان".