شەهید ناگیهان ئاکارسەل لە قامیشلۆ و کۆبانێ یادکرایەوە
نووسەر و لێکۆڵەر و ڕۆژنامەنووس ناگیهان ئاکارسەل لە سێیەمین ساڵیادی شەهیدبوونی لە قامیشلۆ و کۆبانێ یادکرایەوە.
نووسەر و لێکۆڵەر و ڕۆژنامەنووس ناگیهان ئاکارسەل لە سێیەمین ساڵیادی شەهیدبوونی لە قامیشلۆ و کۆبانێ یادکرایەوە.
ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و نووسەر و لێکۆڵەر و ڕۆژنامەنووس ناگیهان ئاکارسەل لە ٤ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان لە هێرشێکی تیرۆریستانەدا شەهیدکرا. بەبۆنەی سێیەمین ساڵیادی شەهیدکردنییەوە لە شارەکانی قامیشلۆ و کۆبانێ یادکرایەوە.
قامیشلۆ
ناوەندی ژنۆلۆژیی شاری قامیشلۆ بە هاوکاری زانکۆی ڕۆژئاوا سیمینارێکی لە باخچەی خوێندنەوە لە شاری قامیشلۆ ڕێکخست، خوێندکارانی بەشی ژنۆلۆژی لە زانکۆی ڕۆژئاوا و ئەندامانی ناوەندی ژنۆلۆژی و ئەندام و نوێنەری ڕێکخراو و ئەنجوومەنەکان بەشداربوون.
پاش خولەکێک وەستان بۆ یادی شەهیدان، لە بەڕێوەبەرانی ناوەندی ژنۆلۆژیی قامیشلۆ لەیمان شێخۆ بە زمانی عەرەبی و مامۆستا خوناڤ محەمەد بە زمانی کوردی دەربارەی ژیان و خەباتی شەهید ناگیهان قسەیان کرد.
مامۆستا خوناڤ سیمینارێکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر پەیوەندیی نێوان زانین و ژنۆلۆژی، جەختی کردەوە کە ژنۆلۆژی پشت دەبەستێت بە ڕەخنەی ئێپیستیمۆلۆژیی لە زانستە تەقلیدییەکان کە ژنان بچووک دەکەنەوە، ژنۆلۆژی سەرلەنوێ و بە دیدگایەکی نوێ مێژوو دەنووسێتەوە، گوتی: "بەلای ژنۆلۆژییەوە، زانین بێلایەن نییە، بەڵکوو یان دەبێتە کەرەستەی باڵادەستی یان کەرەستەی ڕزگاریی".
خوناڤ جەختی کردەوە کە ژنۆلۆژی خەبات دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بۆچوونە زاڵانەی کە ڕەوایەتیی بە ژێردەستەیی ژنان دەدەن.
کۆبانێ
ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژیی لە کانتۆنی فورات بە چالاکییەک یادی شەهید ناگیهان ئاکارسەلیان کردەوە.
یادەکە لە هۆڵی ناوەندی چاند و هونەریی باقی خدۆ لە شاری کۆبانێ بەڕێوەچوو. ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و گەنجان، هەروەها ئەندامانی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان، کۆنگرە ستار، وەقفی ژن، دەستەی ژن و زانکۆی کۆبانێ ئامادەبوون.
یادەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێکرد، پاشان سارا خەلیل هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی کانتۆنی فورات وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی: "شەهید ناگیهان یەکێک لە پێشەنگەکانمان بوو، لە ژیانیدا هەمیشە تێکۆشاوە."
هەروەها وتی: "پێویستە ئێمە خاوەندارێتی لە بەرخۆدان و تێکۆشانی ئەو بکەین و شوێنکەوتووی ڕێبازی ناگیهان بین."
دوای وتەکان، مۆم لە بەردەم وێنەکانی شەهید ناگیهان ئاکارسەل داگیرسێنرا و سینڤیزیۆنێک لەسەر ژیان و خەباتی نمایش کرا.
یادەکە بە دروشمەکانی "شەهید نامرن" و "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.