سەرەڕای ئاگربەست گەمارۆی سەر گەڕەکە کوردییەکان بەردەوامە
سەرەڕای ئاگربەست، گەمارۆی هێزەکانی حکومەتی کاتیی سووریا بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بەردەوامە.
سەرەڕای ئاگربەست، گەمارۆی هێزەکانی حکومەتی کاتیی سووریا بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بەردەوامە.
هێزەکانی حکومەتی کاتیی سووریا هەموو ئەو ڕێگانەیان داخست کە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە دەگەیەنێت بە گەڕەکەکانی تری شارەکە. تەنها دوو ڕێگا بۆ هاتوچۆی پیادەڕۆیان کراوەتەوە.
تەنها ڕێگاکانی عەوارز و چوارڕیانی شەیحان لەبەردەم هاتوچۆی پیادەڕۆیان کراوەتەوە، بەڵام ڕێگە بە هاتوچۆی ئۆتۆمبیلەکان نادرێت. ڕێگاکانی چوارڕیانی لەیرموون و چوارڕیانی جەندول و ڕێگای پارک و تەڵعەی ئەشرەفیە و جەزیرە بەتەواوەتی داخراوە.
داخستنی ڕێگاکان پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ١ـی نیسانە کە لەنێوان ئەنجوومەنی گشتیی هەردوو گەڕەکەکە و نوێنەرانی حکومەتیی کاتی واژۆکرابوو. بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە، ٧ بازگەی هاوبەشی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە و هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی کاتی دادەنرێن بۆ ڕێکخستنی هاتوچۆ.
دانیشتووان کە چەند ڕۆژێک پێش ئێستە دژی داخستنی ڕێگاکان وەستانەوە، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و هێزەکانی حکومەتی کاتی هێرشیان کردە سەر دوو گەڕەکەکە. لە ئەنجامدا، کەسێک شەهید و نزیکەی ٦٠ کەس برینداربوون.