یەکەمین کۆنفرانسی کۆمینەکانی هۆل بەڕێوەچوو

ئەنجوومەنی شاری هۆل، یەکەمین کۆنفرانسی کۆمینەکانی لەژێر درووشمی "کۆمینەکان بناغەن بۆ بنیاتنانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" ئەنجامدا، لە ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکەدا جەختکرایەوە لەسەر پتەوکردنی هەماهەنگی نێوان کۆمینەکان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجوومەنی شاری هۆل لە کانتۆنی جەزیرە، یەکەمین کۆنفرانسی کۆمینەکانی لە هۆڵی گشتی کۆبوونەوەکانی شارۆچکەی ئوم حەجیرە ئەنجامدا، نوێنەرانی کۆمینەکان و ئەندامانی دامەزراوەکان و ڕیش‌سپییان و خەڵکی ناوچەکە بەشداربوون.

کارەکانی کۆنفرانسەکە بە خولەکێک وەستان بۆ یادی شەهیدان دەستی پێ کرد، پاشان بەشداربووان قسەیان کرد و تیشکخرایە سەر ڕۆڵ و ئاسۆکانی کارکردنی کۆمینەکان. بەڕێوەبەری گەنجانی ئەنجوومەنی شاری هۆل، حوسام حوسێن ڕایگەیاند کۆمین "شۆڕشێکی هزرییە" کە ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازی بۆ دەکات، بەندە لەسەر گۆڕینی ململانێی چینایەتی و ململانێی دەوڵەت و گرووپەکان بۆ پیادەکردنی "سۆسیالیزمی بەدیهاتوو" لە کۆمەڵگەدا.  

ڕۆڵی کۆمەڵگەکان لە پەیمانی کۆمەڵایەتییدا

هەروەها حوسام تیشکی خستەسەر ڕۆڵی کۆمینەکان لە پەیمانی کۆمەڵایەتیی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، جەختی کردەوە کە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ژیانی کۆمەڵایەتی و دیموکراتیک و ئازاد لەڕێی کۆمین و ئەنجوومەن و ئەکادیمی و هەرەوەزیی و یەکە ئیکۆ_کۆمەڵایەتییەکانەوە بەڕێوەدەبات، لەگەڵ ئەو دامەزراوانەی کە سیستەمی کۆمەڵگە تەواو دەکەن. ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم فۆرمە لە ڕێکخستنی کۆنفیدراڵ سیستەمی دیموکراتیکی کۆمەڵگە پتەوتر دەکات.

دۆخی سیاسی ئێستا

بەڕێوەبەری ئەنجومەنی جێبەجێکاری کانتۆنی جزیرە سەبری عەفرین، شرۆڤەیەکی سیاسی لەبارەی دۆخی ئێستای سووریا و بەتایبەتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر ئەو ئاڵەنگارییانەی کە ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوە بەهۆی دەستوەردانی بەردەوامی دەرەکییەوە.

هەروەها جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلانی کانتۆنی جزیرە عەبدولڕەحمان حەسەن، هەڵسەنگاندنی بۆ کاری کۆمینەکان و گرنگییان لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیدا کرد و جەختی لەوە کردەوە کە کۆمین "بنەمای ڕێکخستنی خەڵک و مسۆگەرکردنی دادپەروەری و یەکسانییە لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا".

دەرەنجامەکان

دوای وتارەکان، گفتوگۆکان دەستیانپێکرد دەربارەی کۆمینەکان و شێوازی کارکردنیان و ئەو کێشانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. ئامادەبووان لە ڕیشسپییانی هۆزەکان و ئەندامانی کۆمینەکان و خەڵکی ناوچەکە بە ڕا و پێشنیارەکانیان بەشدارییان کرد، کە تیشکیان خستە سەر کاراکردنی ڕۆڵی کۆمین لە ڕێکخستنی کاروباری کۆمەڵگە و بەهێزکردنی هاودەنگی.

لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا، کۆمەڵێک دەرەنجام پەسەند کران، کە گرنگترینیان ئەمانە بوون:

- جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی کۆمین وەک پایەیەکی سەرەکی بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک.

- پەرەپێدانی میکانیزمەکانی کاری کۆمینەکان بەشێوەیەک کە لەگەڵ پەیمانی کۆمەڵایەتیدا بگونجێت.

- پشتگیریکردنی کۆمەڵگە هاوبەشەکان و یەکە ئابوورییەکان بۆ گەیشتن بە خۆبژێوی.

- بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان کۆمینەکان و دامەزراوەکانی تر بۆ چەسپاندنی سیستەمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک.

ئەم دەرەنجامانە بە فەرمی وەک بڕیارەکانی کۆنفرانسی یەکەمی کۆمینەکان لە شاری هۆل پەسەند کران.