ئیلهام ئەحمەد: لە بابەتی چارەسەرییدا بە بڕیارین ڕێککەوتنێک بکەین

ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا، لە ئەنجامی پرۆسەی ئاشتیی و کۆمەڵگەگەی دیموکراتیکدا، پڕۆژەی ڕۆژئاوا بەرژوەندییە هاوبەشەکان لەگەڵ تورکیادا دەپارێزێ و گوتی: "وەک کوردانی ڕۆژئاوا بە بڕیارین لە بابەتی چارەسەرییدا ڕێککەوتنێک بکەین."

هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئیلهام ئەحمەد، لە لێدوانێکیدا بۆ نوێ‌میدیا٢٤ (Numedia24)، سەرنجی خستە سەر پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی، کە بەسەردانی ٢٤ـی تشرینی دووەمی کۆمیسیۆنی دیموکراسی، خوشک-برایەتی و یەکگرتنی نەتەوەیی بۆ دوورگەی ئیمراڵی و دیدارکردنیان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ، پێی نایە قۆناغێکی نوێوە.

ئیلهام ئەحمەد سەردانەکەی کۆمیسیۆنی وەک 'هەنگاوێکی مێژوویی' هەڵسەنگاند و ئاماژەی بەوەدا بۆ چارەسەری پرسی کورد دەبێت درێژە بە پرۆسەی دیالۆگ بدرێت.

'پرۆسەکە کاریگەری ئەرێنی لەسەر ڕۆژئاوا و سووریا دەبێت'

دەربارەی ئەوەی دەگوترێت، بابەتی ڕۆژئاوا وئەنتێگراسیۆنی قەسەدە لەگەڵ سووپایی سووریا یەکێک بووە لە مژارەکانی سەردانەکەی کۆمیسیۆن، ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا، وەک کوردان لە سووریا پرۆژەیەکی بەرفراوانی چارەسەرییان هەیە و گوتی: "لە کاتێکدا باسی کاریگەری پرۆسەکە لەسەر ڕۆژئاوا و سووریا دەکەین، دەتوانین بڵێین؛ بە دڵنیاییەوە کاریگەری ئەرێنی دەبێت."

' هەوڵە چارەسەرییەکانمان لە دژی تورکیا نییە'

دواتر ئیلهام ئەحمەد گوتی: "لەم سەردانە مێژووییەدا، وەک کوردانی ڕۆژئاوا و گەلانی سووریا، پەیوەست بە چارەسەرکردنی پرسی کورد و دیموکراتیزەکردنی سووریا، پڕۆژەیەکی ڕوون و بەرفراوانمان هەیە. وەک لە سەرەتاوە باوەڕمان بە پرۆسەکە هەبووە، لە ئێستایشدا هەوڵە چارەسەرییەکانمان لە دژی تورکیا نییە. دەتوانین بڵێین ئەم پرۆسەیە بەرژوەندییە هاوبەشەکانمان لەگەڵ تورکیادا دەپارێزێت. پەیوەست بەمەوە وەک کوردانی ڕۆژئاوا بە بڕیارین لە مژاری چارەسەرییدا ڕێککەوتنێک بکەین."

'پرۆسەکە پەیوەندیداری هەموو هێزەکانی سووریایە'

ئیلهام ئەحمەد دەربارەی ئەو بانگەشانەی کە ڕێبەر ئاپۆ  پەیامێکی 'چەکدانان'ـی بۆ قەسەدە ناردووە، قسەیکرد و ئاماژەی بەوەدا ئەم بابەتە قەسەدە و هاوکات هاوپەیمانێتی دژ داعش و حکومەتی ڕاگوزەری دیمەشقیش دەگرێتەوە و گوتی: "بۆیە دۆخێکی وا لە ئارادایە، هێندەی ئێمە، بەڕێوەبەریی دیمەشق و  هاوپەیمانە نێونەتەوەییەکانیشمان دەگرێتەوە. پێویستە بەرپرسیارێتی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەم بابەتە لە بیر نەکەین. پرۆسەی سەربازی و ئەنتێگراسیۆنی سیاسی لەگەڵ بەڕێوەبەریی ڕاگوزەری دیمەشق درێژەی هەیە و پەیوەست بەم بابەتە نزیکین لە ڕێککەوتنێکی گرنگ، بەڵام دانوستاندن سەبارەت بە وردەکارییەکان بەردەوامە."

پرسی گەڕانەوەی کۆچبەران

ئیلهام ئەحمەد لە بارەی پرسی گەڕانەوەی ئاوارە سوورییەکان لە تورکیاوە بۆ سووریا، ئاماژەی بەوەدا: "وەک ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بۆ کردنەوەی دەروازەی نسێبین-قامیشلۆ، لەگەڵ ئەنقەرەدا چەند کۆبوونەوەیەکمان کردووە و لەم بابەتەدا بە بڕیارین."

'کاتی بونیاتنانی ئیرادەی هاوبەشی هێزە کوردییەکانە'

لە کۆتایی قسەکانییدا هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئیلهام ئەحمەد، ئاماژەی بەوەدا دیوێکی ئەرێنی پرۆسەکە کردنەوەی کەناڵەکانی دیالۆگ بووە لە نێوان پارتە کوردییەکان و لەم بارەیەوە گوتی: "لە ئێستادا هەموو هێزە کوردییەکان گەیشتوون بەو باوەڕەی نابێت ئەو دەرفەتانە لە دەست بدەن کە پرۆسەکە بۆ کوردانی ڕەخساندووە و دەبێت سوودی لێ وەربگرن. کاتی ئەوە هاتووە هەمووان ئیرادەیەکی یەکگرتوو بونیات بنێن، بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و دیموکراتیزەبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوین ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن."