ڕوانگەی سووری بڵاویکردۆتەوە ئەو ڕێگایەی کە ئەسریا لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی حەماوە بە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) دەبەستێتەوە، لە ڕێگەی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی کاتیی سووریاوە داخراوە.
ڕێگاکە لە خاڵی پشکنینی نێوان هەردوولادا داخراوە، ڕێگە بە تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەکان نەدراوە کە بچنە ناوچەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی یان لەوێوە بچنە ناوچەکانی تری سووریا.
هۆکارەکانی داخستنەکە هێشتا ڕوون نین، لەکاتێکدا گریمانەی ناوخۆیی هەیە کە ڕەنگە پەیوەندی بە گرژیی ئەمنیەکانی ناوچەکە هەبێت کە ماوەیەکە چەکدارانی سەر بە حکومەتی کاتی هێرشدەکەنە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و هێزەکانی قەسەدە لە ناوچەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری.
ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕێگەی دێرحافر- حەلەب لە ٢٧ـی ئەیلوولی ٢٠٢٥ لەلایەن چەکدارەکانی حکومەتی کاتییەوە داخرا و ئەمڕۆش چەند رێگەیەکی دیکەی سنوورەکە لە لایەن ئەو چەکدارانەوە داخراون.